لە بارەی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ٧٢ بەندیخانەی تورکیا راپۆرتێک ئامادە کرا
CISST لە بارەی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ٧٢ بەندیخانە راپۆرتێکی ئاماد کرد و بڵاوی کردەوە.
CISST لە بارەی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ٧٢ بەندیخانە راپۆرتێکی ئاماد کرد و بڵاوی کردەوە.
قەدەغەی سەوزەمەنیەکان، پشتگوێخستنی پاکوخاوێنی و فرۆشتنی دەمامک، نەدانی خواردن جگە لە پارشێو و بەربانگ، ژمارەیەک لەو پێشێلکاریانەن کە لە بەندیخانەکانی تورکیا ئەنجامدراون.
کۆمەڵەی کۆمەڵگای مەدەنی لە سیستمی یاسای سزاکاندا CISST ئەو گلەیی و گازندانەی لە بەرواری ٢٩ی نیسانەوە تا ١٢ی ئایار گەیشتوونەتە بەردەستیان، کردی بە راپۆرتێک و بڵاوی کردەوە.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لە ٧٢ بەندیخانە مافی مرۆڤ پێشێلکراوە.
هاوکات لە راپۆرتەکەدا بەم شێوەیە باس لەو پێشێلکاریانە کراوە:
" *لە چەندین بەندیخانە، تەنها بەشی دەرەوە دەرمانڕێژکراوە، قاوشی مانەوەی زیندانیەکان، دەرمانڕێژ نەکراون.
*لە چەندین بەندیخانە بە هۆی ئەوەی پاکوخاوێنی بە رێکوپێکی ئەنجام نادرێت، زیندانیەکان بە پێی ئەو دەرفەتە کەمانەی لەبەردەستیان هەیە، پاکوخاوێنی قاوشەکانیان دەپارێزن.
*لەگەڵ ئەوەی قاوشەکان دەرمانڕێژ ناکرێن، بەڵام ئیمزا بە نوێنەری قاوشەکان دەکرێت کە گوایان شوێنی مانەوەیان دەرمانڕێژ کراون.
*لە ژمارەیەک لە بەندیخانەکان، پاسەوانان بە بنەماگرتنی جیاوازیە کۆمەڵایەتیەکان لەگەڵ زیندانیان دەجوڵێنەوە.
*لە بەشی چێشتخانەی هەندێک لە بەندیخانەکان، پاکوخاوێنی ناپارێزرێت.
*لە هەندێک لە بەندیخانەکان، سابون بە پارە دەدرێت بە زیندانیان.
*لە هەندێک لە بەندیخانەکان، دەمامک بە پارە دابەش دەکرێت.
*پێداویستیەکانی پاکوخاوێنی بە بێ بەرامبەر دابەش ناکرێن، تەنها ئەو زیندانیانەی بارودۆخی مادیان باشە دەتوانن دەستیان بکەوێت.
*بە بەردەوامی ئاو دەبڕێت و ئاوی گەرمیش تەنها لە چەند کاتێکی دیاریکراودا هەیە.
*لە هەندێک لە بەندیخانەکان، بە بیانووی مەترسی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، سەوزەمەنیەکان لەگەڵ ژەمەکانی خواردن دابەش ناکرێت و بێجگە لە ژەمەکان، خواردن بە پارەش دەست ناکەوێت.
*ئەو زیندانیە نەخۆشانەی کە ناتوانن بە تەنیا بمێننەوە، بە هۆی ئەوەی دوای سەردانکردنی نەخۆشخانە، ١٤ رۆژ کەرەنتینە دەکرێن، نایانەوێت بۆ هەر نەخۆشیەک بێت، سەردانی نەخۆشخانە بکەن.
*لە چەندین بەندیخانە فشارە دەروونی و فیزیکیەکان زیادی کردووە.
*لە ژمارەیەک لە بەندیخانەکان، رێگە بە زیندانیان نادرێت نامە و داواکاری بنووسن و هاوکات نامەکانی دەرەوەیان پێناگات و رۆژمانەشیان نادرێتێ.
ز.ش